بەڕێوەبەرایەتى کۆنتڕۆڵ کردنى هێنان و دروست کردنى دەرمان و ئامێر و پێداویستى پزیشکی لە کوردستان

کۆمەڵێک دەرمانی قاچاخ و رێگەپێنەدراو دەستی بەسەردا گیرا

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ(٢٣/١٢/٢٠١٩) له هەڵمەتێکی هاوبەشی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، پۆلیسی قایمقامیەتی هەولێر و ئاسایشی هەولێر، تواندرا دەست بەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاخ و رێگەپێندراودا بگیرێت.


هەروەها هەردوو قاچاخچییەکه دەستگیر کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوه و رەوانەی دادگا کران.

 

بەپێی کامێراکانی چاودێری، دەرمانەکان لەناو بۆنێت و شووتەی ئۆتۆمبێل شاردرابوونەوه و تیمەکانی ئاسایش و پۆلیسی شارەوانی دوای چاودێرییەکی زۆر لەسەر رێگای هەولێر – کۆیه دەستیان بەسەردا گرت.

 

سەبارەت به ئەم دەرمانانه، "هێژان ئەنوەر"  بەرپرسی چاودێریی بازاڕ له KMCA رایگەیاند: ئەم دەرمانانه هیچ بنەمایەکی زانستیان نییه و بەردەوام له رێگەی راگەیاندنی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، هاوڵاتیان ئاگادار کراونەتەوه خۆیان لە ئەم جۆره دەرمانانه بپارێزن.

 

هێژان ئەنوەر گوتی: ئەم دەرمانانه له وڵاتانێک دروست دەکرێن که تەنانەت خۆشیان بەکاریان ناهێنن و لەو شوێنەش رێگەپێنەدراون.

 

بەرپرسی چاودێریی بازاڕی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان جەختی کردەوه به هیچ شێوەیەک بەزەیی به ئەم کەسانه ناکەرێت که ئەم دەرمانانه دێننه کوردستان و داواشی له دادوەرەکان کرد به توندترین شێوه سزا بدرێن.

 

هێژان ئەنوەر سەبارەت به دەرمانی تەندروست گوتی: هەر دەرمانێک که ستیکەری کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمانی پێوەبێت خەڵک دەتوانن بەدڵنیاییەوه بەکاری بێنن و تەنانەت تەواوکەری خۆراکیش له کوالیتی کۆنتڕۆڵ پشکنینی بۆ دکرێت و کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان پشکنین بۆ هەموو جۆره دەرمان و تەواوکەری خۆراکی و پێداویستیی پزیشکی دەکات.

 

له کۆتاییدا جارێکی دیکه هاوڵاتیان ئاگادار دەکەینەوه ئەو دەرمانانەی به ناوی قەڵەو کردن، لاواز کردن، بەهێز کردنی توانای سێکسی و ... له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان ریکلامیان بۆ دەکرێت هیچ بنەمایەکی نییه و به هیچ شێوەیەک بەکاری نەهێنن.